کۆمەڵکاری

تۆبه‌شكان و شكستی ده‌روونی

تۆبه‌شكان و شكستی ده‌روونی

پێناسه‌ی كێشه‌كه‌:

   موسوڵمان وه‌كو هه‌موو مرۆڤێكی دیكه‌ له‌ ماوه‌ی ژیانیدا رووبه‌ڕووی زۆر كێشه‌و دژواریی ده‌بێته‌وه‌، بەڵام جیاوازی موسوڵمان له‌ مرۆڤی كافر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسوڵمانه‌كه‌ ئه‌و شته‌ خۆش و ناخۆشانه‌ی دێنه‌ رێی به‌ تاقی كردنه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌یان ده‌زانێت، له‌ دیدو هه‌ستی موسوڵماندا ئه‌و تاقی كردنه‌وه‌ خواییانه‌ بۆ هەڵاوێردنی موسوڵمانی راستگۆیه‌ له‌ چه‌واشه‌كارو درۆزن و ده‌غەڵان، بۆ جوێ كردنه‌وه‌ی ئارامگرانه‌ له‌ بێ ئارامه‌كان.. جا هه‌یه‌ به‌ باوه‌ڕێكی قووڵ و دڵنیاییه‌كی دامه‌زراوه‌وه‌ رووه‌وڕووی هه‌موو كێشه‌و فیتنه‌و دژوارییه‌كان ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ ئیمتیحانی خوایی ده‌زانێت، بۆیه‌ پێی وایه‌ ده‌بێت به‌ سه‌بری بێ سكاڵاوه‌ خۆی له‌به‌ردا بگرێت و گه‌شبینانه‌ لێی ده‌رچێت.. ناشێت پێی بڕوخێت، ناشێت شكست بخوات، ناشێت وەڵامدانه‌وه‌ی بۆ حه‌زی حه‌رام هه‌بێت یان خۆی ته‌سلیمی مۆنجی ئاڕاسته‌ی ئینحیرافاتی كۆمه‌ڵگه‌ بكات.. ئه‌مما ئه‌و كه‌سه‌ی لاسه‌نگ كه‌وتووه‌و ئاڕاسته‌ی دینداریی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌، وویستی ناخی ته‌سلیم به‌ شه‌یتان و هه‌واوهه‌وه‌سی مونحه‌ریفانه‌ بووه‌و رواڵه‌تی ده‌رێی سیمایه‌كی ئیسلامه‌تی پێوه‌ نه‌ماوه‌! ئه‌مه‌ زوو ته‌سلیم به‌و واقیعیه‌ جاهیلییه‌ بووه‌ كه‌ شه‌یتانیزمه‌كان دروستیان كردووه‌، ئه‌مه‌ زوو تووشی فیتنه‌ی سست بوون و له‌ نوێژ چوونه‌وه‌ بووه‌! ئه‌مه‌ ووره‌ی به‌رداوه‌و وویست و ئیراده‌ی روخاوه‌.. خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست مۆنجی ئینحیرافاتی كۆمه‌ڵگه‌ جاهیلییه‌كه‌و خۆی پێ ناگیرێته‌وه‌.. بەڵام له‌ ناخیشیدا هه‌ست به‌ قامچی ویژدان و شوڵكی زه‌میریی ده‌كات.. له‌ سست بوون و لێچوونه‌وه‌كه‌ی ناڕازییه‌، جار جاره‌ هه‌وڵ ده‌دات تێهه‌ڵچێته‌وه‌ بەڵام ده‌ره‌قه‌تی خۆی نایات، ده‌ره‌قه‌تی تین و فشاری هه‌واوهه‌وه‌سی خۆیی و مۆنجی فه‌سادی ده‌رێ نایات.. بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ زۆرانبازیی ته‌قواو ئاره‌زوویدایه‌.. تۆبه‌ ده‌كات وده‌یشكێنێت.. گوناح و تاوان و سه‌رپێچی ده‌كات، بەڵام هه‌ر زووش لێیان په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌، بڕیار ده‌دات نه‌یه‌ته‌وه‌ سه‌ریان بەڵام پاڵنه‌ریی حه‌زیی شه‌یتانی و ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌كی بۆ سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی گوناحان هانی ده‌ده‌نه‌وه‌.. 

رواڵه‌تی كێشه‌كه‌:

1ـ گرتنی دیندارییه‌كی هاكه‌زایی و كزو لاوازی ته‌قواكاریی.

2ـ زۆر پۆزش هێنانه‌وه‌ بۆ دۆست و هاوڕێ موسوڵمانه‌كانی له‌ به‌شداریی نه‌بوونی له‌ چالاكیه‌ دینی و کۆمەڵایه‌تیه‌كانیان..

3ـ خۆدزینه‌وه‌ له‌ هاوڕێیه‌تی دینداران.

4ـ خه‌مۆكی و حه‌زی گۆشه‌گیریی و كه‌مدوویی.

5ـ له‌ هه‌موو لایه‌ن و ئاسته‌كاندا دێته‌وه‌ دواوه‌..

هۆكاری كێشه‌كه‌:

1ـ خۆ كڕ كردن و شاردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی ناخی و ده‌رنه‌بڕینی هه‌ست و رای.

2ـ نه‌مانی متمانه‌ی به‌ خۆی.

3ـ نه‌پرسینه‌وه‌ی به‌رپرسانی لێی.

4ـ زۆر موحاسه‌به‌ كردنی خۆی و شكاندنی به‌ڵێن و تۆبه‌ی و قه‌ناعه‌ت بۆ دروست بوونی به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م لاوازییه‌ی ئه‌م چاره‌سه‌ری نیه‌!

5ـ به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌ رێسای تاقی كردنه‌وه‌ی خوایی له‌ خێرو شه‌ڕو، به‌خشین و گرتنه‌وه‌و، خۆشی وناخۆشی و، له‌ هه‌بوون و نه‌بوونی ئاماده‌یی جۆراوجۆری مرۆڤ له‌ وەڵامدانه‌وه‌ی كوفرو باوه‌ڕ، هه‌روه‌ها له‌ له‌ بڕو ئاستی دینداریی و به‌ هه‌ڵه‌ حاڵی بوون له‌وه‌ی كه‌ كه‌سایه‌تی ئیسلامی نابێت هه‌ڵه‌ بكات!

6ـ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ نوێژو رۆژووی سوونه‌ت و دوعاو زیكره‌كان كه‌م ده‌كات، له‌ فه‌رزه‌كانیشی دوا ده‌كه‌وێت!

7ـ به‌رده‌وام موحاسه‌به‌ی نه‌فسی خۆی ناكات و ئه‌گه‌ر كردیشی زۆر له‌ خۆی ناپێچێته‌وه‌!

چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌:

1ـ تێگه‌یاندنی له‌ تۆبه‌و مه‌رجه‌كانی، له‌ دژواریی شكاندنی تۆبه‌و به‌ڵێنی خوایی..

2ـ دانانی به‌رنامه‌ی ده‌رسی ئیمانی بۆی و تێكه‌ڵ كردنی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانێكی دینداری پارسه‌نگ و كاریگه‌ر..

3ـ باس كردنی چاكه‌كانی و نیشاندانه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌ په‌سه‌نده‌كانی، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌شبینیه‌كه‌ی لا نه‌بێته‌ حاڵه‌تی به‌رده‌وامی.. پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم كه‌ نامه‌كه‌ی بۆ خالیدی كوڕی وه‌لید نارد بۆ بانگهێشت كردنی بۆ ئیسلامه‌كه‌ باسی ژیریی و چاكه‌كانی خالیدی فه‌رموو..

4ـ راهێنانی ئه‌م كه‌سه‌ له‌سه‌ر رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌و هاندان و پشتگرتنی تا دڵنیا بێت كه‌ ده‌توانێت به‌سه‌ریاندا زاڵ ببێت و ئه‌ویش وه‌كو ئه‌و هه‌موو ئه‌ندامه‌ی تر ده‌توانێت چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی دابنێت.

5ـ نه‌شكاندنی ئه‌م كه‌سه‌ له‌ ناو كۆڕو كۆمه‌ڵی گشتیدا به‌ تایبه‌تی له‌ ناو ره‌وت و كۆمه‌ڵكارییه‌كه‌ی خۆیدا..

6ـ زۆر بیرخستنه‌وه‌و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی و كاریگه‌ریی به‌شداریی كردنی چالاكیه‌ دینی و کۆمەڵایه‌تیه‌كانی خوشك و براكانی و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵیاندا.. چونكه‌ له‌م رێیه‌وه‌ هه‌ست به‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی دیندارێتیه‌كه‌ی ده‌كات.

7ـ جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ شكستی سه‌ره‌تایی سروشتیه‌و هه‌موو كه‌سێك تا دیندارییه‌كه‌ی قایم ده‌بێت و خۆی ده‌گرێت ئاوا تووشی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ تاوان ده‌كات و تۆبه‌ ده‌كات، تۆبه‌ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر تاوانه‌كه‌ی..[1] ..



[1]   له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنی خۆیه‌وه‌ بڵێ: ئیتر رووم نایات ئه‌وه‌نده‌ تۆبه‌ بكه‌م و بیشكێنم، بۆیه‌ باشتره‌ كه‌ هه‌ر یه‌كجار بیشكێنم و به‌ رای خۆم بكه‌م.. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بگرێته‌ به‌رو بڵێ: به‌ راستی شوره‌ییه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵێن به‌ خوای گه‌وره‌ بده‌م و بیشكێنم، شه‌رت بێ ئه‌مجاره‌ نایشكێنم.

2405 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
01/10/2017
سەدای رەوت